شاعیر: لوتفی
کتێب: دیوانی لوتفی
سەرناو: بارکراوی باری غەم تا کەی لە ژێر ئەم دەردە بم

بارکراوی باری غەم تا کەی لە ژێر ئەم دەردە بم
ھەر وەکوو مەجنوون لە داخا ڕوو کێو و ھەردە بم

من لە دەشتی چۆڵی حەسرەتدا غەریب و بێ کەسم
دڵ وەکوو کەشتی ئەسیری ئاھی گەرم و سەردە بم

من گەلێ مەحزوون و غەمگین و جگەر سووتاومە
لێو بەبار و چاو بە ئەشک و ڕەنگ و ڕۆمای زەردە بم

ڕۆژی مەشغووڵم بە ئیشی نابەجێ و کاری خراپ
تا بە کەی تەوبە نەکەم من دائیمە ھەر جەردە بم

چاک و داوێن ھەڵکراو مەجبووری ڕەنج و پڕ جەفا
ئەی خودا ھاوارە تا کەی ئەم دڵەی وەک بەردە بم

دڵ لە داخی بەعزێ ئینسان دائیمە پڕ دەرد و غەم
تا بە کەی حیرس و خەفەت ئەم زێد و مەئوا و عەردە بم

لوتفی چشتێ بکڕێ سەد سوێندی گرانت بۆ ئەخوا
حازرە بۆ دەس بڕین ناحەق نییە ئازوردە بم